راپۆرتە هەواڵێکی گرنگ…ناوچەی ئارام دورست دەبێت

نیازی برەیم

راپۆرتە هەواڵێکی گرنگ…ناوچەی ئارام دورست دەبێت.
پێشهاتی گرنگ سەبارەت بە کشانەوەی سوپای ئەمەریکا لە سوریا لەم ٢٤ کاتژمێرەی دواییە روویاندا ، گرنگترینیان ئەم هەواڵەی کە سیناتۆر لیندز گراهام بڵاوی کردەوە ، تێێدا ئاشکرایکرد ، کە ئەو سوپاسی سەرۆک ترامپ دەکات بە رازی بوونی بە هێشتنەوەی ژمارەیەک لە سەربازی ئەمەریکا لە باکوری سوریا لە چوارچێوەی هێزی هاوپەیمانان بۆ دورستکردنی ناوچەی ئارام ، ئەویش بۆ سێ ئامانجی گرنگ:
– ئیحتواکردن و رێگەگرتن لە ئێران.
– رێگەگرتن لە زیندووبونەوە داعش.
– پاراستنی ئەو ستاتیۆیەی لە باکوری سوریا هەیە، هێزەکانی سوریای دیموکراسی کە هاوپەیمانی ئەمەریکان بۆ شەڕی دژی تیرۆر ، سەرباری دڵنیاکردنەوەی تورکیا بۆ ئەوەی ترسی لە شەرڤانان نەبێت.
لە کۆنگرەی میونیخ ، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا و وەزیری دەرەوە و چەندین سیناتۆر لە ناو ئەوانیشدا لێندز گراهام و هەروەها جۆزیف ڤۆتێل لە بزاڤێکی دیپلۆماسی و سیاسی گەورەدا بوون بۆ ئەوەی ئەوروپییەکان قەناعەت پێ بهێنن کە ئەوانیش ئامادە بن بۆ دورستکردنی ناوچەی ئارام لە باکوری سوریا.مەرجی ئەوروپییەکان مانەوەی سوپای ئەمەریکا بوو ، هەر بۆیەش بە هەموان توانیان قەناعەت بە سەرۆکی ئەمەریکا بهێنن کە ژمارەیەک سەربازی ئەمەریکی لە باکوری سوریا بمێنێتەوە ، ژمارەکە و مانەوەیان ، پینتاگۆن دیاری دەکات.
ئاژانسەکانی رۆیتەرز سکای نیوز وهەروەها ئەلحرە ئاشکرایان کرد کە ٢٠٠ سەربازی ئەمەریکی لە باکوری سوریا لە چوارچێوەی هێزەکانی ئەوروپی و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەمێننەوە.
ئەم داوایە ئالدار خەلیل بۆ میدیاکان ئاشکرایکرد و،ئەو هەڵمەتە دیپلۆماسیەی ئیلهام ئەحمەد لە ئەمەریکا وئەوروپا بەرێیکرد و، هەروەها جەنەراڵ مەزلوم کۆبانی کاتێ پێشوازی لە جەنەراڵ ڤۆتێل کرد بوو ، ئەم باسەی ورژاند بوو ، بۆیە ئەم نەخشەرێگایە سەرباری ئەوەی رەزامەندی سەرۆکی ئەمەریکای لەسەرە ، هێزەکانی سوریای دیموکراسیش رەزامەندە .
لێرەدا دەمێنێتەوە رۆڵی تورکیا ،دەکرێت بە کورتی وا باسی لێبکەین: پاش ئەو پەرەسەندنە ،وەک زمانحالی کۆشکی سپی دەڵێت،ئەردۆگان بەهەڵەداوان تەلەفۆنی لەگەڵ ترامپ کردووە ، نیگەرانی خۆی بۆ ئەم پێشنیارە دەربریوە ، لێ ترامپ بۆ ئەوەی پاساوی ئەردۆگان نەهێڵێت ، گەرەنتی پێداوە کە لە ناوچەی ئارام هیچ مەترسییەک بۆ سەر تورکیا نابێت ،تەنانەت پیشنیاری کردووە لە ناو خاکی تورکیا بە درێژایی سنور دەتوانین هێزێکی ئاشتیپارێز دابنرێت ، لێ ئەردۆگان ئەم پێشنیارەی رەتکردۆتەوە.
ئەم ژمارە لەسەربازی ئەمەریکا چەند دەبێت گرنگ نییە ، ئەگەر یەک سەربازیش بێت ، نە تورکیا و نە روسیا وسوریا یا ئێران دەتوانن لە رۆژهەڵاتی فورات نزیک ببنەوە ، چونکە ئەم ناوچەیە بەتەواوی لە ژێر هەژمونی هاوبەشی ئەمەریکا وقەسەدە دەبێت.
بەم نەخشەرێگایە زەربەیەکی گەورە لە خەونە گڵاوەکانی ئەردۆگان درا ، هەروەها روسیا و سوریا وئێرانیش ئیدی دەبێت بۆ لەمەودوا بۆ چارەسەریی سیاسی رۆڵی کورد وەک فیگەرێکی بەهێز هەژماری بکەن .لە ٣٥٪ خاکی سوریا بە ٦٥٪ داهاتی تەواوی سوریا لە نەوتو گاز وبەروبومی کشتوکالی لەو ناوچانەیە کە لە ژێر کۆنترۆڵی هاوبەشی ئەمەریکا- قەسەدەیە.
تورکیا چیدیکە ناتوانێت ، گەمە بە پرسی ئیدلب بکات ، چونکە روسیا دەیەوێت ئەمپرسە زوو یەکلا بکاتەوە ، بۆیە بۆ تورکیا رەوشەکە تادێت قورستر دەبێت و بێچارە دەمێنیتەوە.