موختار ئەسەدی لە کاتی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە لە لایەن چوار کەس لە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات، ناسراو بە« لیباس شەخسیەکان» دەسبەسەر کراوە
نیازی برەیم
پێنج شەممە ۲٥ی ڕێبەندانی ساڵی ۱۳۹۷ی هەتاوی، موختار ئەسەدی مامۆستای قوتابخانە و ئەندامی مەکۆی سنفی مامۆستایانی پارێزگای سنە، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لەو شارەدا دەسبەسەر کرا.
بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار: موختار ئەسەدی لە کاتی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە لە لایەن چوار کەس لە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات، ناسراو بە« لیباس شەخسیەکان» دەسبەسەر کراوە.
ئەم چالاکە کلتورییە، پێشتر لە لایەن لقی ۱٥ی دادگای ئینقلاب لە تاران، بە تاوانی (پڕووپاگاندە دژی کۆماری ئیسلامی) سزای یەک ساڵ زیندانی بەسەردا سەپابوو، ئەم مامۆستا کوردە پووشپەڕی ئەمساڵ دوای تێپەڕاندنی سزای داسەپاو بەسەریدا، لە بەندیخانەی ئێڤین لە تاران ئازاد کرا.
جێگای باسە، ئەمڕۆ لە زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن مامۆستایانی قوتابخانەوە گردبوونەوەی ناڕەزایەتی ڕێکخرا و هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە گردبوونەوەی ناڕەزایی شاری ورمێ چەند بەشدار بوویان دەسبەسەر کردبوو.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان —