نوێترین وردەکاری و ھۆکاری ڕێکنەکەوتنی پارتی و یەکێتی
نوێترین وردەکاری و ھۆکاری ڕێکنەکەوتنی پارتی و یەکێتی
کۆبونەوەی پارتی و یەکێتی بەبێ ئەنجام کۆتایی ھات، وەفدی پارتی رایانگەیاندووە، لەمە زیاتر چاوەڕوانی یەکێتی ناکات و دەست بە پرۆسەی پێکھێنانی حکومەت و کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێم دەکات، وەفدی یەکێتیش بێمنەتی خۆیان راگەیاندووە.
: NRT
:درەو میدیا ڕاپۆرتێکی لەسەر نوێترین وردەکاری و ھۆکاری ڕێکنەکەوتنی پارتی و یەکێتیی بڵاوکردەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا ھاتووە، پارتی و یەکێتی ڕێکنەکەوتن، چارەنووسی پەیوەندییەکانی ھەردوولا بۆ چەند ساڵی داھاتوو لەسەر ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییانە ڕاوەستاوە کە لە چەند کاتژمێری داھاتوودا لە نێوان بەرپرسانی ھەردوولادا دەکرێت.
کۆبوونەوەکە چارەنووسی پەیوەندییەکانی ھەردوو حزبی ڕادەستی کاتێکی نادیار کرد، وەفدەکان لەسەر پشکەکانی کابینەی نوێی حکومەتی ھەرێم ڕێکنەکەوتن.
وەکو پێشتر بڕیاری لەسەر درابوو، دەبوو کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی نێوان پارتی و یەکێتی لە ھاوینەھەواری دوکان بەڕێوەبچێت، بەڵام چەند کاتژمێرێک بەر لە گەیشتنی وەفدی پارتی، شوێنی کۆبوونەوەکە گۆڕدرا بە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لەناو شاری سلێمانی.
لەسەر مێزەکە چی ڕوویدا؟
دواجار ھەردوو وەفد ڕووبەڕووی یەکتر لەسەر مێزێک دانیشتن، وەفدی یەکێتی نیشتمانی جارێکی تر جەختی لەسەر داواکارییەکانی کردەوە، لە کۆی چوار پۆستی باڵا دەبێت دوانیان بۆ یەکێتی بێت (وەزیری ناوخۆ- سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایش- وەزارەتی سامانە سروشتییەکان- سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە).
وەفدی پارتی لەسەر ھەڵوێستی خۆی سوربوو، ھیچ یەکێک لەو چوار پۆستە بە یەکێتی نادرێت، بەڵام یەکێتی دەتوانێت جێگری سەرۆکی ھەر چوار پۆستە باڵاکە وەربگرێت.
وەفدی پارتی چەند جارێک لە کۆبونەوەکە چوونەتە دەرەوە بەمەبەستی گەیاندنی داواکارییەکانی یەکێتی بە سەرکردایەتی حزبەکەیان، بەڵام پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان بێ ئەنجام بوون، سەرکردایەتی پارتی ئامادە نەبوو ھیچ یەکێک لەو پۆستانە لە حکومەتی نوێدا بە یەکێتی بدات و وتویانە بەشێک لەو پۆستانەی داوای دەکەن بەرکەوتەی لایەنەکانی ترە.
دوایین پێشنیازی پارتی بۆ یەکێتی
دواین نەخشەی پۆستەکان کە وەفدی پارتی خستییە بەردەم وەفدی یەکێتی ئەم پۆستانە بوو:
١• سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان.
٢ • جێگری سەرۆکی ھەرێم.
٣ • جێگری سەرۆکی حکومەت.
٤ • وەزیری تەندروستی.
٥ • وەزیری پەروەردە.
٦ • وەزیری کشتوکاڵ.
٧ • وەزیری خوێندنی باڵا.
٨ • وەزارەتی پێشمەرگە.
٩ • دەستەی وەبەرھێنان.
١٠ • جێگری وەزیری ناوخۆ.
١١• جێگری وەزیری سامانە سروشتییەکان.
١٢ جێگری وەزیری دارایی.
١٣ • جێگری سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە.
پێشنیازێکی نوێ
وەفدی یەکێتی دەستپێشخەرییەکی نوێیان خستوەتە بەردەم وەفدەکەی پارتی، یەکێتی ئامادەیی خۆی نیشانداوە (٥) وەزارەت لە کابینەی نوێ وەرگرێت، بەڵام بەمەرجێک یەکێک لە وەزارەتەکان وەزارەتی ناوخۆ بێت، بەڵام ئەگەر وەزارەتی ناوخۆ بە یەکێتی نەدرێت ئەوا دەبێت ژمارەی وەزارەتەکانی بۆ بکرێت بە (٦) وەزارەت، پارتی ئەم پێشنیازەشی رەتکردوەتەوە.
کۆبونەوەی پارتی و یەکێتی بەبێ ئەنجام کۆتایی ھات، وەفدی پارتی رایانگەیاندووە، لەمە زیاتر چاوەڕوانی یەکێتی ناکات و دەست بە پرۆسەی پێکھێنانی حکومەت و کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێم دەکات، وەفدی یەکێتیش بێمنەتی خۆیان راگەیاندووە.
وەفدی پارتی بەرەو ھەولێر گەڕانەوە، بەر لە گەڕانەوە بە وەفدی یەکێتییان وت” لەڕێگەی برادەرەکانتانەوە لە ھەولێر، دواین وەڵامتان لێ دەگێڕینەوە”، وەفدی یەکێتیش دوای کۆبونەوەی لەگەڵ پارتی چووە ناو کۆبونەوەیەکی ترەوە، بۆئەوەی لەناوخۆی حزبدا گفتوگۆ لەسەر پێشھاتەکان بکەن و جەماوەری حزبەکەیان لە دواین گۆڕانکاری ئاگاداربکەنەوە.
بەمشێوەیە دۆخی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی جارێکی تر چووە ناو قۆناغێکی ھەستیارەوە، بەپێی زانیارییەکان پارتی سورە لەسەر ئەوەی تا کۆتایی ئەم مانگە لەناو پەرلەمانی کوردستانەوە دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێم کارابکاتەوە و مەسرور بارزانی راسپێرێت بە پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەت.
لەسەر مێزی گفتوگۆ پارتی و یەکێتی رێکنەکەوتن، بەڵام رەنگە لە دوا ساتەکاندا پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی نێوان ھەردوولا کاری خۆی بکات، چەند کاتژمێری داھاتوو دۆخی سیاسی ھەرێم پەرەسەندنی نوێ بەخۆوە دەبینێت.
ئەگەر لە چەند کاتژمێری داھاتوودا پارتی و یەکێتی لەسەر پشکەکان نەگەنە رێککەوتن، پێشبینی دەکرێت پارتی بەبێ یەکێتی پرۆسەی ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم و کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی دەستپێبکات.
پارتی لەو پرۆسەیەدا پشتئەستورە بە پشتیوانی بزوتنەوەی گۆڕانو کەمینەکان و دەنگی پێویستی ھەیە بۆ ھەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم.
ئەگەر دۆخەکە بەمجۆرە بڕوات، رەنگە یەکێتی پرۆژەی بۆ ھەمواری یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم ھەبێت و لە رۆژی ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێمیشدا کاندید پێشکەش بکات، ھەرچەندە رای زۆرینە لەناو یەکێتی ئەوەیە، فراکسیۆنەکەیان بەھیچ جۆرێک بەشداری کۆبونەوەی پەرلەمان نەکات.
مانەوەی یەکێتی لەدەرەوەی پەرلەمان، کاریگەری لەسەر دۆخی سیاسی دروستدەکات و بەرەی نەیارانی ھەمواری یاسای سەرۆکایەتی بەھێز دەکات، بەتایبەتیش لەکاتێکدا کۆمەڵی ئیسلامیو جوڵانەوەی نەوەی نوێو یەکگرتووی ئیسلامی پرۆژەی خۆیان ھەیە بۆ ئەو پرسە و ھەڵوێستیان لەگەڵ پارتی و بزوتنەوەی گۆڕان جیاوازە
ن/سامان نوح