بۆچی پۆمپیو هەڕەشەی لە تورکیا کرد؟!.گەلۆ له ئێستادا هۆکارەکانی پشت بوێرێی ئەمەریکا دژی تورکیا چین؟…!ا
بۆچی پۆمپیو هەڕەشەی لە تورکیا کرد؟!.
گەلۆ له ئێستادا هۆکارەکانی پشت بوێرێی ئەمەریکا دژی تورکیا چین؟!.
Niyazi H. Braim نیازی برایم.
دوێنێ دوو لێدوانی گرنگ و توند درا ، کە پێشتر رانەهاتبوین رایەدارنی ئیدارەی ترامپ دژی تورکیا بەئاشکرا وبێ پەردە هەڕەشە لە تورکیا بکەن.
دوێنێ چاوەشئۆغلو لە ئەمەریکا بوو ، چاوی بە مایک پۆمپیو کەوت ، لەسەر چەند بابەتێک قسەیان کردووە ، وەک لە بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوی ئەمەریکا داهاتووە ، لە سەر هیچ خالێک ئیتفاقیان نەکردووە.پۆمپیو پێیڕاگەیاندووە کە کڕینی سیستەمی دژەفڕینی روسی (س٤٠٠) هێلی سورە و نابێت بە ئەنجام بگات ، لێ چاوەشئۆغلو ئەم داوایەی ئەمەریکای رەتکردۆتەوە.
سەبارەت بە باکوری سوریاش دیسان چاوەشئۆغلو داوای کردووە کە بەشداربن لە دورستکردنی ناوچەی ئارام و دەرکردنی یەپەگە ، پۆمپیو رەتیکردۆتەوە و پێیڕاگەیاندووە بە هیچ شێوەیەک تورکیا بەشداری ناکات لە ناوچەی ئارام.
هەردوای کۆبونەوەکەیان ، وەک لەکەنالی “الحرە”بڵابۆوە ، پۆمپیو هەڕەشەی لە تورکیا کرد ئەگەر هێرش ببەنە سەر باکوری سوریا .
سەرباری ئەوەش ئەمەریکا داوای لە چاوەشئۆغلو کردووە کە ئەو ئەمەریکیانەی کە دەستگیرکراون بە ناهەقی و نایاسایی، هەرچی زووە ئازادیان بکەن.
پێش ئەم لێدوانەی پۆمپیۆ و بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ، مایک پێنس لە کۆبوونەوەی ئاسایی ناتۆ ئەویش هەڕەشەی لە تورکیا کرد و دوو بژاردەی لەبەردەم دانا ، یا کڕینی سیستەمی (س٤٠٠) یا مانەوەی لە ناتۆ!.
ماوەیەکی درێژە ئەم ناکۆکییە هەیە لە نێوان ئەمەریکا وتورکیا ، لێ پرسیارەکە کە خۆی دەسەپێنێت، بۆچی ئێستا ئەمەریکا هەڕەشە دەکات؟! ..
لە خوارەوە هەوڵدەدەم زۆر بە کورتی وەڵام بدەمەوە:
– سەرکەوتنەکانی شەرڤانان لە قەڵاچۆکردنی داعش بە پشتیوانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان ، جورئەتێکی زیاتر بە ئیدارەی ترامپ دا بۆ ئەوەی زیاتر فشار بخاتە سەر تورکیا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی لەگەڵیدا.
– سەرکەوتنی هەدەپە و ئۆپزسیۆن لە هەڵبژاردنەکانی ٣١ی ئازار . هەدەپە توانی تەکتیکێک بەڕێوە ببات ، شکست بە فاشیزمی ئاکەپە بهێنێت و هاوپەیمانی دورست بکات لە دژی ئاکەپە .
– بوونی دەیان هەزار لە چەتەکانی داعش لە زیندان و لە ژێر دەسەلاتی شەرڤانان ، هەر گۆاڕنکارییەک بە ئاراستەی ئازادکردنیان ، کە تورکیا دەیەوێت وکاری بۆدەکات بە شێوازی جیاجیا، دووبارە کارەسات لە ناوچەکە وجیهان دەقەومێنێت.بۆیە دەبێت دەستی تورکیا ببڕیت لەسەرلەنوێ زیندووکردنەوەی تیرۆریستانی داعش.
ئەم سێ خاڵەی سەرەوە بۆ ئەمەریکا روون بۆوە کە کورد لە رۆژئاڤا و باکوری کوردستان فیگەرێکی بەهێزن و جێگای متمانەن بۆ ئەوەی سنورێک بۆ تیرۆر لە جیهاندا دابنێن کە ئەردۆگان بەڕێوەی دەبات.
ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا ئەو راستیە دەزانن ، کە بێ کورد ناتوانن ئاشتی و چارەسەریی سیاسی لەناوچەکە دەستبەر بکەن ، ئەمەش بەواتایەکی دیکە دوو ئامانجی گرنگی ئەمەریکا وئەوروپاییەکان دێنێتەدی:
١- تێکوپێکشکاندنی ئاستەنگییەکان لەبەردەم گواستنەوەی دەسەڵات لە رۆژئاوا بۆ رۆژهەڵاتی ناوین بۆ بەردەوام بوونی دەرهێنان و گواستنەوەی وزە و دەستبەرکردنی بازاڕ لە ناوچەکە. ئاستەنگییەکان بریتین لە هەردوو دیوی ئیسلامی سیاسی تیرۆریست کە تورکیا وئێران نوێنەرایەتی دەکەن.
٢- لە بوونی ئارامی لەناوچەکە ، کە کورد تاکە فاکتەرێکە بۆ ئەم ئارامییە ، رێگە دەگیرێت بۆ کۆچکردنی خەڵکی رۆژهەڵاتی ناوین بۆ ئەوروپا و ئەمەریکا کە کێشەی زۆریان هەیە لە وەرگرتنی پەناهەندەکانی شەڕ.
ئەمەریکا ئەوروپا باش دەزانن کە ئەو تەڤگەرەی کورد بەڕێوەی دەبات ، دەتوانێت لەگەڵ گەلانی ناوچەکە ئیدارەی هاوبەش پێکەوەبنێن و ئاشتی مایندە دەستبەربکەن، کە ئەمەش دەبێتە هۆکاری دەستبەرکردنی ئیستقرار لەناوچەکە ، وەک چۆن لە مۆدێلی باکوری سوریا و هەروەها لە مۆدێی هەدەپە و هاوپەیمانی لەگەڵ هێزە سیاسیەکانی دەرەوەی ئاکەپە-مەهەپە، دەبینرێن.
هەموو ئەمانە وایکرد ، ئەمەریکا لە بڕیاردان وخۆیەکلاکردنەوە بەرامبەر تورکیا زیاتر بە دەنگێکی دلێر ببینرێت.
سەرنج: مەبەستم لە “کورد” لەم شرۆڤەیەدا ، کوردی بەناموسە.