ئەردۆگان ،چۆن دەچێتە ئەمەریکا؟!!ا

نیازی برەیم

ئەردۆگان ،چۆن دەچێتە ئەمەریکا؟!!ا
وەک پێگەی کەنالی (RT) بڵاوی کردۆتەوە ، گوایە لەم چەند رۆژەی دادێ ، ئەردۆگان سەفەری ئەمەریکا دەکات.
ئەم سەفەرە کۆمەڵێک پرسیار دەورژێنێت کە ئێمەی کورد لە هەموو کەسێک زیاتر پێوەی دەبێت سەرقاڵ بین.
– ئایا پێگەی ئەردۆگانی ئێستا چۆنە؟
– لەگەڵ سەفەرەکانی پێشووتری جیوازی چییە؟
-بۆچی دەچێت؟
– سزاکانی ئەمەریکا بۆ ئێران لە کوێی ئەم سەفەرەیە؟
– ئایا بابەتێک ماوە سازشی لەسەر بکات؟
– ئایا کورد لە هاوکێشەی ناوچەکە و جیهاندا ، ئەوەندە لاوازە بازاری پێبکرێت؟
– ئایا ترامپ و ئیدارەکەی متمانەی پێدەکەن؟
کۆمەڵێ پرسیاری دیکە ، هەوڵدەدەم زۆر بە کورتی وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەمەوە..
پیشتر کاتێ ئەردۆگان سەفەری ئەمەریکای دەکرد ، هەلومەرجەکە زۆر جیاوازتر بوو لە ئێستا،لەوانە:
– داعش کە گروپێکی تیرۆریستی سەر بە ئەردۆگانە ، بەهێز بوو ، زیاتر لە نیوەی خاکی سوریا ویەک بۆسێی خاکی عێراقی لەبەردەستدا بوو.
– پێگەی خودی ئەردۆگان لەناو خۆ بەهێز بوو.
– لیرەی تورکی ئاوا بێبەها نەبوو.
– هێشتا ئەردۆگان و چەتەکانی لە نزیک دیمەشق و درعا و حەلەب دابوون.
– ئێران لە رەوشێکی باشتر دابوو.
– کێشەی سیستەمی دژە فڕینی S400 روسی لەئارادا نەبوو.
– ناتانیاهۆ لە رەوشێکی سیاسی ناوخۆی خراپدابوو.
– لە هەمووشی گرنگتر ئیدارەی ترامپ دەڵەمە بوو ، هێشتا روئیای روون نەبوو بەرامبەر زۆرینە فایلەکانی ناوچەکە ، بەتایبەتی کورد ، ترامپ کوردی وەک شەرڤانێکی ئازا دەدی..
ئێستا هەموو هەلومەرجەکە گۆڕاوە ، چۆن:
– شەرڤانانی ئازادی داعشیان بە پشتیوانی ئەمەریکا تارومارکردووە، ٢٣ ی ئازار سەرکەوتنی یەکجارەکیان راگەیاند، بەمانایەکی دیکە ئەردۆگان باڵی سەربازیی لەدەرەوەی سنورەکان شکا و نەما.
– لە ناوخۆی تورکیا ، هەدەپە زەربەیەکی توندی لە ئاکەپە و ئەردۆگان دا ، بە هۆی بەکاربردنی ستراتیژێکی گرنگ بە پشتیوانی لە جەهەپە بۆ لاوازکردنی ئاکەپە و تێکشکاندنی ، ئەوەتا شارەوانییەکانی ئەستانبۆڵ، ئەنقەرە، ئەزمیر ، ئەدەنەو مێرسین و ئەنتالیا کەوتنە ژێر دەسەلاتی ئۆپزسیۆن..بەمانایەکی دیکە هەدەپە یا تەڤگەری ئازادی کوردان ، پێگەی ئەردۆگانی لە ناوخۆش ، لاوازکرد.
-کەواتە بۆ ئەمەرکییەکان و بەتایبەتی ئیدارەی ئەمەریکا، کە کوردی وەک شەرڤانیکی ئازا دەدیی ، ئێستا وەک گەمەکەرێکی سیاسی دیپلۆماسی کاریگەر دەبینێت.
– لەکاتێکدا ئەردۆگان سەفەر دەکات ، لیرەی تورکی لە خراپترین حاڵیدایە.
– تورکیا لە رەوشێکدایە کە دەبێت سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران جێبەجێ بکات ، ئەگەر ئەوە نەکات ، بۆچی دەچێت؟ وەک ترامپ بڕیاری داوە لەسەر زاری پۆمپیو بیستمان کە ئیدی هەڵاوێردکردن بۆ هاوردەکردنی نەوت وگازی ئێرانی بۆ هیچ دەوڵەتێک نییە. کەواتە ئەردۆگان بۆچی دەچێت؟
-کێشەیەکی دیکە لە کایەی ئەو سەفەرە بە توندی جێگە دەگرێت ، سیستەمی دژە فڕینی S400 روسیە ، ئایا دەتوانێت بەو حاڵەی کە لەسەرەوە باسمان لێوەکرد، ئەردۆگانی ئێستا، سازش بکات یا بازاڕ بەم پرسە بکات؟!. دەکرێت شیمانەکان بەم شێوە بخوێنینەوە…
١- ئەگەر سازش بکات بە نەکڕینی ئەم سیستەمە لەبەرامبەردا بمێنێتەوە لە ناتۆ ، روسیا لەدەست دەدات ، کە روسیاشی لە دەستدا ، روسیا بۆ رازیکردنی کوردان تەواوی باکوری سوریا دەخاتەوە ژێر دەسەلاتی شەرڤانان و حکومەتی سوریا ، سەرباری ئەوەش ولاتەکەی مەحروم دەکات لە ٤ ملیۆن گەشتیاری روسی بۆ وەرزی گەشتیاری هاوینی ئیمساڵ.خراپ چارەنوسی بە روسیا گرێداوە ، ئەستەمە دەستبەرداری روسیا ببێت.
٢- ئەگەر سازش نەکات بەردەوام بێت لە کڕینی ئەم سیستەمە لە روسیا ، لە ناتۆ دەردەکرێت ، پشتیوانی کوردان لە رۆژئاڤا هێندەی دیکە زێدەتر دەبێت ، ئابوریشی وێران دەبێت.
کەواتە ئەردۆگان لە رەوشێکدایە ئیدی هەر هەنگاوێک بەرەو پێش چەند هەنگاوێکی کوشندە بەرەو دواوەی دەهێنن ، هۆکاری سەرەکی ئەو رەوشەی ئێستای کە تێکەوتووە ، شەڕ و سیاسەتی سەرکەوتووی تەڤگەری ئازادییە ، زەربەیەکی گەورەی لە ئەردۆگان دا ، ئیدی هەڵوێستی ئەمەریکای چەندین قات بەهێز کرد.
ئەگەر لەسەفەرەکانی پێشووی ئەردۆگان مەرجی هەبوو ، ئەم سەفەرەی بەباڵ شکاوی و سەری شۆڕی لەبەرامبەر ترامپ هەڵدەزنێ و تکای لێدەکات.
چیدەکە ناتوانێت سازش و بازاڕ بە کورد بکات ، کورد ئیدی لە قۆناغی شەرڤانێکی ئازا و چاونەترس دەرباز بووە بۆ شەرڤانیکی سیاسی و دیپلۆماسی بوێر و لێهاتوو و کاریگەر .
ئەمەریکا هیچ متمانەیەکی بەئەردۆگان نییە ، لەبەرامبەردا متمانەیەکی زۆری بە شەرڤانانی ئازادی سەربازییو سیاسی کوردان هەیە.بۆیە بۆ گەرەنتی وای دەبینم:
دوور نییە ترامپ بۆ رزگارکردنی ئەردۆگان لەو رەوشە خراپەی ئێستای، تەرحی چارەسەریی کێشەی کورد لە گەڵ پەکەکە لە باکوری کوردستانی لێبکات و بەخۆشی سەرپەرشتی وناوەندگیریی بکات ، چونکە بە چارەسەرییی ئەم دۆزە لەباکور ، رۆژئاڤای کوردستانیش هەنگاوێکی گەورە دەچێتە پێشێ، کە ئەمەریکییەکان ئەوەیان دەوێت.. سەرباری هەموو ئەمانەش پێگەی ئەمەریکا بەرامبەر روسیا و سزاکانی بۆسەر ئێران چەندین قات بەهێزتر دەبێت.
ئەردۆگان ، ئەردۆگانی دوێنێ نییە ، ئەردۆگانێکە لێدانی کوردان گێژیی کردووە و لەسەر سەر دەسوڕیتەوە ، بۆیە تەنها دەبێت چاوەڕێی تەنازولی گەورەی لێبکەین و شکستی گەورەش دەبێتە ناونیشانی ئەم سەفەرەی.